خاکی ھەرێمی کوردستان- عێراق
خاکی ھەرێمی کوردستان- عێراق
( کوردستان- باشوور) بریتییە لەو شوێن و ناوچانەی کە باکوور و باکووری ڕۆژهەلاتی
عێراق پێکدەهێنێت، لە دوای لکاندنی بە دەوڵەتی عێراق لە دوای جەنگی جیهانی
یەکەمەوە. بە پێی هەرە زۆرینەی مێژوونووسان و لێکۆڵەرەوان سنووری ئەم بەشەی کوردستان
لە باکوورەوە، لە سنووری عێراق-تورکیا، لە شارۆچکەی زاخۆوە دەستپێدەکات تا
شارۆچکەی بەدرە ( سەر بە شاری واست/کوتە لە ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی عێراق) و خوارووی
به زنجیرە چیای حەمرین دادهندرێت. لە ڕۆژهەڵاتەوە، لە سنوری عێراق-ئێران،
دەستپێدەکات تا ڕۆژئاوای سنووری عێراق-سووریا. رووبەری ھەرێم، به خاك و ناوچه
کوردستانیهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمیش، ٧٨.٧٣٦ کم٢ کە دەکاتە زیاتر لە ١٨%
سەرجەمی رووبهری عێراق. زۆربەی خاکی کوردستان- عێراق ئێستا لە لایەن داموو دەزگای
حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت و هێزەکانی پێشمەرگەش سنوورەکانی ئەم
خاکە دەپارێزن.
خاكی کوردستان لە چیا و زنجیرە چیا، دەشت،
دۆڵ و گرد پێكهاتووە. زستانی ساردە و باران بە رێژەی جیاواز لێی دەبارێت، كە لە
200 تا 1000 ملم دەبێت، هەروەها بهفر بەههمان شێوە بە رێژەی جیاواز دەبارێت، بەتایبەت
لە ناوچە شاخاوییەكاندا، كە بووەتە هۆی دروستكردنی كانیاوی زۆر و رووباری گهوره
و بچووك (زێی گەورە، زێی بچووك، سیروان و خابوور، كە بەیەكەوە دهرژێنه رووباری
دیجلەوه). ناوچە شاخاوییەكان بە دار و دهوهنی جۆراوجۆر داپۆشراون. هاوین لە
پێدەشتەكان گەرمە و لە ناوچە شاخاوییەكان مامناوەندی و فێنكە، واتە هەرچەند بەرەو
چیاكان برۆیت, پلەی گەرمی نزم دەبێتەوە. كۆمەڵێك لووتكە چیای بەرزی لێههڵكەوتووە،
كە لووتكەی ههڵگورد لە زنجیرە چیای (حهسارۆست) بەرزترین لووتكەیە و بەرزییەكەی
3607 مەترە. خاكی کوردستان دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و غاز و بەرهەمی كشتوكاڵی و
بهرههمی ئاژهڵی جۆرە كانزای جیاواز.
پارێزگاکان و ناوچەكانی
هەرێمی کوردستان - عێراق
پارێزگای ههولێر:
شاری
ههولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانی عێراقە و یەكێكه لە شارە هەرەكۆنەكانی
كوردستان و جیهان. لەڕووی جوگرافییهوە بە دووری٣٥٠كم دەكەوێتە باكووری بەغدا.
نزیكەی 3 هەزار ساڵ پ.ز لە دەقە سۆمەرییەكان بە (ئۆربلۆم - ئۆربیلیۆم) و لە دەقە
بابلیهکان بە (ئەربائیلۆ) نێوی هاتووە. هەرێمی كوردستان بە لانكەی ژیان و
شارستانییەتە كۆنەكان دادەنرێت. ئەشكەوتی شانهدەر كە مێژووەكەی بۆ 60 هەزار ساڵ
پێش زایین دەگەڕێتەوە و یهکێك له لانكانی ژیانی مرۆڤی نیاندهرتال بووە. گوندی
'زەری چەمێ' كە مێژووەكەی بۆ
(12) هەزار ساڵ پ.ز دەگەڕێتەوە، ئاماژەی هەبوونی شارەستانیەتێكی زۆر كۆنن و وەرچەرخانێك
بووە لە ژیانی مرۆڤی کۆن كە لە ژیانی ئەشكەوت و ڕاووکردنهوه, رووی لە ژیانی
جێنشینی، كشتوكاڵ و ئاژەڵداری كردووە. شاری هەولێر زیاتر لە 200 هۆتێل و مۆتێلی
گەشتیاری و زیاتر لە 200 چێشتخانەی تێدایە. دەیان مزگەوتی كۆن و چەند شوێنەوارێكی
گرنگی لێیە. ههروهها دەیان پارك، 3 پاركی گەشتیاری، چەند شارێكی یاری و دەیان
بازاری گەورەی سەردەم و بازاڕی میللی, نزیكەی 10 زانكۆ و چەندان پەیمانگە و
دامەزراوەی زانستی، مۆزەخانەی شارستانی و كولتووری، ئەنتیكخانە و كتێبخانەی گشتی
لێیە. لە دەرەوەی شاریش چەندان شوێنی جۆراوجۆری گەشتیاری لێ هەڵكەوتووە.
پارێزگای سلێمانی:
پارێزگای سلێمانی دهکهوێته
باکووری- ڕۆژههڵاتی هەرێمی كوردستان لە باكووری عێراق. شاری سلێمانی دەكەوێتە
نێوان زنجیرە چیاكانی گوێژە و گلەزەردە، 198 كم لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی
كوردستان و 385 كم لە بەغدای پایتەختی عێراقی فیدراڵەوە دوورە. پارێزگای سلێمانی
دەكەوێتە نێوان هێڵی درێژی (46,16--44,50) لە رۆژهەڵاتەوە و هێڵی بازنەی پانی
(35,04- 36,30) لە باكوورهوه.
شاری سلێمانی له ساڵی 1784 لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە دروستكراوە. لە کاتی دامهزراندنیهوه تا ئەمڕۆ، گۆڕانكاریی
بەردەوام و خێرای گەشەكردن لە هەموو بووارەكانی ژیان تیایدا روویانداوه. لە شاری
سلێمانی چەندین شوێنی گەشتیاری و شوێنەواریی هەیە، وەك سەرای سلێمانی، قەیسەری
نەقیب، چایخانەی گەل، مزگەوتی گەورە، مزگەوتی مەولانا خالید، مزگەوتی مەحوی و
كەنیسەی سلێمانی. هاوكات چەند پارك، میوانخانە، ریستۆرانت، مۆزەخانە، مۆڵ و بازاری
نوێ, کهله شارهکهدا ههن، سەرنجی گەشتیار بۆ لای خۆیان ڕادەكێشن. سلێمانی مەڵبەندی رووناكبیری و هونەری كوردستانە،
بۆیە ناوی لێنراوە پایتەختی رۆشنبیری. لە شاری سلێمانی چەندین زانكۆ و پەیمانگە هەیە
لەگەڵ هەبوونی زانكۆیەكی ئەمریكی.
پارێزگای
دهۆك:
پارێزگای دهۆك دهکهوێته
باکووری کوردستان و عێراق. شاری دهۆك، که دهکهوێته باکووری کوردستان و عێراق،
دەكەوێتە پانتایەك لە نێوان زنجیرە چیای (شەندۆخا) لە باشوور و چیای (سپی) لە
باكوور و چیای (مام سین) لە رۆژهەڵات. لە رۆژئاوا دەڕوانێتە سەر دەشتاییەك و ئاووهەوایەكی
گەشتیاری هەیە. هاوسنوورە لەگەڵ دەوڵەتی توركیا و سووریا. دهۆك دەكەوێتە نێوان هێڵی پانی (43,20) و (44,10) رۆژهەڵات
و هێڵی بازنەی (36,40) و (37,20) باكوور.
له سنووری
پارێزگای دهۆك نەتەوەی كورد و كلدان و ئاشوور و ئەرمەن دەژین، هەروەها ئایینی ئیسلام
و مەسیحی و یەزیدی بەیەكەوە پهیرهوی دهکرێن. چەندان شوێنەوار و هەڵكۆڵدراو لەم
سنوورەدا هەن. دەیان میوانخانە و چێشتخانە و مۆتێل بوونیان هەیە. مۆزەخانەی
شوێنەواری و مۆزەخانەی كلتووری و موزەخانەی كلتووری ئیزیدییەكانی لێیە. شاری یاری
و بازاڕی سەردەم و باخچەیەكی بچووكی ئاژەڵانی هەیە، چەندین سەنتەری رۆشنییری و
زانكۆ و شوێنی گەشتیاری و شوێنەواری لە دەورووبەریدا هەن. سەری 'چیای زاوا' و
'گەلی دهۆك' دوو شوێنی گەشتیاری نزیكی ئەم شارەن.
ئیدارهی گهرمیان :
ناوچەی گەرمیانن، که
خوارووی ڕۆژههڵاتی ههرێمی کوردستان-عێراق پێکدههێنێت، دەكەوێتە باشووری
پارێزگای سلێمانی و رۆژهەڵاتی پارێزگای كەركوك، لە بەشی رۆژهەڵاتیدا سنووری وڵاتی
ئیرانە و لە باشووریدا سنووری پارێزگای دیالەی عێراقە. وەك یەكەیەكی كارگێری لە
قەزای كەلار و كفری و خانەقین پێكدێت، شاری كەلار ناوندی یەكەی كارگێری گەرمیانە.
ژمارەیەك شوێنەواری گرنگی لێیە و چەند ناوچەیەكی سەیران و گەشتیاری هەیە. لە
سەردەمی رژێمی بەعسی لە ناوچوو زۆربەی گوندەكانی ناوچەكە راگوازراون وێران كراون و
دواتر لە ساڵی 1988 لە لایەن رژێمی بەعس دانیشتوانەكەی لە رێگەی پرۆسەی ئەنفال
گیران و بە كۆمەڵ كوژران، ئەمەش وایكردووە ئیستا ببێتە خاوەنی زۆرترین قوربانی
ئەنفال، بۆ پیرۆز راگرتنی یادەوەریەكە
مۆنێمێنتێك و گۆرستانێكی گەورە لەم سنوورە دروستكراون كە چیرۆكی تاوانە گەوەرەكە دەگێرنەوە،
ساڵانە لە 14 نیسان یادی كارەساتەكە بە كۆمەلێك چالاكی دەكرێتەوە. كەواتە گەرمیان
مۆزەخانەیەكی فراوانی تاوانی كۆمەڵكوژی سەدەی بیستەمە، بۆ ئەم مەبەستە ساڵانە
ژمارەیەك توێژهر و میوان سەردانی ناوچەكە دەكەن.
ناوچەکانی دیکەی هەرێمی
کوردستان- عێراق
- ههموو
ناحیه و قهزاكانی پارێزگای نهینهوا جگه لهقهزاكانی موسڵ و بهعاج و حهزهر
- قهزاكانی
خانهقین ومهندهلی و جگه لهناحیهی بهلهدروز لهپارێزگای دیاله.
- ناوهندی
قهزای بهدره لهپارێزگای واست، كوت.
سهرچاوه: http://bot.gov.krd/kurdish/about-kurdistan/%D8%AC%D9%88%DA%AF%D8%B1%D8%A7%D9%81%D9%8A%D8%A7