هێمن

 هێمن

سەید محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی


لەدایکبوون

١٩٢١

لاچین، مەھاباد

مەرگ

١٨ی نیسانی ١٩٨٦

ورمێ

شوێنی دۆزینەی تەرم

مقبرە الشعرای مھاباد

نەتەوە

کورد

پیشە

شاعیر، نووسەر و وەرگێڕ

ئایین

ئیسلام، سوننە



محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراو بە ھێمن یان ھێمن موکریانی (بەھاری ١٩٢١ لە مەھاباد – ١٦ی نیسانی ١٩٨٦ لە ورمێشاعیر، نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد بوو.

ژیان[ ]

کورتە[ ]

ھێمن یەکێک بوو لە گەورەترین شاعیران و نووسەرانی کورد لە سەدەی بیستەمدا، لە بواری پاراستن و بووژاندنەوەی فەرھەنگ و ئەدەب، گەورەترین حەقی خستووەتە سەر نەتەوەکەی، چونکە لە تاریک و ڕوونی بەیانی ژیانیدا، بۆ خڕ کردنەوەی کۆماکانی ئەدەبی کوردەواری و ورد بوونەوە لە وشەکانی، بە کەو کردن و ھەڵاواردنی غەوارەکانی و سوورکردنی خەرمانی زمانی کوردی، کەوتە کار و تەنانەت گوڵ ھەڵگرتنەوە و پاشەرۆکیشی بۆ خەڵکی دیکە نەھێشتەوە.

سەرەتای ژیان[ ]

ھێمن کوڕی سەید حەسەنی موکری و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆڕی بووە. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھان بووە کە ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن. ھێمن بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی ھەتاوی بە شەوی جێژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەھاباد چاوی بە گەردوون ھەڵێنا. بە بوونی ھێمن شیری دایکی وشک دەبێ و بە شیری ژنێکی دیکە فڕچک (گۆج) دەکرێ و دوای بوونی ئەو، دایکی لەشی ساغ بە خۆیەوە نابینێ.

ھێمن لە ڕۆژگارێکدا لە دایک دەبێ کە ڕەزاشا جڵەوی حکوومەتی پێیە کە لاسایی ئاتاتورکی دەکردەوە. جلوبەرگی کوردەواری بە تەواوی قەدەغە دەکرێ و ئەوەندەی لە دەستی ھات، سووکایەتی بە خەڵک کرد و شەپکە و تەپڵەی ھێنا نێو بازاڕەوە. ھێمن لەم کەش و ھەوایەدا گەورە دەبێ.

لە کاتی منداڵیدا گوێی بۆ بەسەرھاتەکانی دایە مرۆت دەگرێ، کە پیرێژنێکی دونیا دیو بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە. ئەلف و بێ لای عەبدوڵڵای مستەوفی (سەعید ناکام) دەخوێنێ و پێش ئەوەی ئەلف و بێی فێر بکا، بزنۆکێ و مەڕنۆکێی حوسێنی حوزنی موکریانی بۆ دەخوێنێتەوە و ھێمن لە بەری دەکا و ھەروەھا شیعرەکانی شێخ ڕەزا و زۆر شتی دیکەی لێ فێر دەبێ و پاشان بۆ درێژە دانی خوێندن، باوکی دەینێرێتە مەھاباد و لە قوتابخانەی سەعادەتی ئەو شارە دەست بە خوێندن دەکا. ھێمنێکی لادێی کە جگە لە زمانی کوردی ھیچی دیکەی نەدەزانی و لەو قوتابخانەیش کەس نەیدەتوانی بە کوردی قسە بکە، منداڵان گاڵتەی پێدەکەن و پێی دەڵێن کرمانج، چونکە ئەو کاتە لە مەھاباد بە خەڵکی دێیان دەووت کرمانج، ھێمن ئەو ساڵە خوێندنی بە سەرکەوتنێکی زۆر باشەوە تێپەڕ دەکا و ھاوین دەگەڕێتەوە بۆ ئاوایی و لە لای مەلای دێ و باوکی دەرس دەخوێنێ و ڕاھێنانی نووسینی خەت دەکا. باوکی کە دەزانێ خەتی خۆش بووە، دەستی پێ لە خوێندن ھەڵدەگرێ و دەڵێ: بڕۆ دەرسی مەلایەتی بخوێنە. ھێمن کە ھیچ کات خۆشی لە مەلا نەھاتووە، تووشی ئەم تاڵییە دەبێ و چوار ساڵ لە خانەقای شێخی بورھان دەخوێنێ، بەلام ئەو خوێندنە ھیچ کەڵکێکی نابێ، چونکە ئەو چوار ساڵە بە گاڵتە دەباتە سەرێ و لە خانەقای شێخی بورھان کە ھەشت نۆ نەفەر دەبن، جگە لە ھەژار و ھێمن تەوای خاڵۆزا و پوورزا دەبن، پاشان دەچێتە لای مامۆستا فەوزی و ڕێگای ژیانی پێ نیشان دەدا و ساڵ و نیوێک لە لای ئەو دەرس دەخوێنێ.

ھەژار لە پێشەکی دیوانی سەیفولقوزاتدا، بەم جۆرە باسی خۆی و ھێمن دەکا:

ھێمن و من دوو منداڵی کرچ وکاڵی لەڕ و قرخن، بە تەمەن دە دوازدە ساڵ بووین، لە خانەقا گەیبووینە یەک، نا خێری گیانمان دەرس بخوێنین، خویندنی چی؟ دوو گێل و حۆلی پەڕ بڵاو، لە یەک دەمدا لە لای دوو مامۆستا دامەزراین، یەکی ڕیش پان، لە عەرەبی شارەزایە و خەتی نییە، ئەوی دی گەردەڵ، فارسی زانە و خەتی خۆشە. جا وەرە شەق و دار بخۆ، خۆ جنێو ھەر باسی ناکرێ، سوێندی کەسم لە سەر نییە، ئەگەر بڵێم تڵپاتی تەڕیش فێر نەبووین، نیسکێک درۆی تێدا نییە، ماڵم ھەقە لە ترێ دزینی ناو ڕەزی، لە پللار دەداران گرتن، لە ڕاوی دووپشک و ئەسپێ و کێچ و جوجە و قوڕ شێلان و ھێلکە لە ھێلانە دەرھێنان، ھیچ کەس تۆزی نەدەشکاندین. بۆ نەگبەتی ھێمن وە شیعر ھاتبوو، ھەروا گارە گارەی دەھات، جار و بارە شیعرێکی نیوە و کۆڵەی خواری لاپانی دادەنا، بە فیزەوە نیشانی دەدام. یانی ھا بم ناسە، من چیم، منی کڵۆڵ نەمدەتوانی مێعریش بکەم.

بەو جۆرە شیعر ووتنی ھێمن لە خانەقاوە سەری ھەڵداوە و پێگەیشتووە. لە گوندی کولیجە لە لای سەید عەوڵای سەید مینە کە پیاوێکی نەخوێندەوار بووە، بەڵام زۆر زانا و تێگەیشتوو دەبێ، ماوەیەک دەرس دەخوێنێ و بە گەورەترین مامۆستای، مامۆستا ھێمن حیساب دەکرێ. تەمەنی ھیمن دەچێتە سەر و بۆ یەکەمین و دوایین جار لە گوندی کولیجە عاشق دەبێ، عیشقێکی پاک و خاوێن و ئاسمانی، بەڵام ئەم عاشق بوونە زۆر ناخایەنێ و لێک جیا دەبنەوە و ھەر لەو گوندە فێری سواری و تەقڵە و ڕاوە کەو و کەروێشک دەبێ. ساڵی ١٣١٧ی کۆچیی ھەتاوی بەرامبەر ١٩٣٨ی زانیینی کە تەمەنی ١٧ ساڵانە دەبێ، مامۆستاکەی گوندی کولیجە بە جێ دێڵێ و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ گوندی خۆیان واتە شیلاناوێ کە ماڵیان چووبووە ئەوێ و مل لە کار و کاسبی ھەڵدەکێشێ و بە ڕۆژ خەریکی کاری کشت و کاڵی دەبێ و شەوانە خەریکی خوێندنەوە و شیعردانان، باوکی پێی دەزانێ و دەفتەری شیعرەکانی دەسووتێنێ.

پوختەی ژیان[ ]

لە ساڵی ١٩٣٨ دەستی لە خوێندن ھەڵگرتووە. لە کاری کشتوکاڵ و بەخێوکردنی مەڕوماڵات لێزانبووە، لەبەرئەوە ساڵی ١٩٤١ دەستی داوەتێ و سەرکەوتووە. ساڵی ١٩٤٢ کە کۆمەڵەی نھێنی ژێ کاف دامەزراوە، بووەتە ئەندام، ناوی نھێنی (ھێمن) و ژمارەی ئەندامیەتی (٥٥) بووە.
لە ساڵی ١٩٤٦ کچی خاڵیان بۆ ھێناوە بەبێ ئەوەی چاوی پێ بکەوێ. لە سەرەتادا بەدڵی نەبووە بەڵام لە پاشاندا خۆشیویستووە. لە دوای ڕووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی قازی محەممەد و ھاوڕێکانی، لە مەڵبەندی خۆی دوور دەکەوێتەوە و سنوور دەبڕێ و خۆی دەگەیەنێتە قەڵادزێ، ماوەیەک لە مزگەوتێکدا بەنھێنی دەژی، دواتر کە سیاسەتی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بەکورد نەرم دەبێ و بڕیاری لێبوردن لە ساڵی ١٩٤٨ بۆ عەشیرەتەکان دەردەکا، ھێمن دەگەڕێتەوە زێدی خۆی و دەست دەکاتەوە بەکاسبی و بایەخدان بەشیعر و ئەدەب، ھەروەھا تا ساڵی ١٩٦٥ لە ژیانی سیاسیی دوور نەبووە.

 

لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران[ ]

بۆ جاریکی دیکە ھەوای نووسینی گۆڤار بە مێشکی دادێ و بەھاری ساڵی ١٣٦٤ی کۆچی ھەتاوی بەردی بناغەی گۆڤاری سروە لە شاری ورمێ دادەمەزرێنێ و یەکەم ژمارەی گۆڤارەکە لە سەرەتای ھاوین گەیشتە دەستی خەڵک و ھێمن ئەمە دەڵێئومیدەوارم ئەم سروەیە ھەر بێ و ھەر دڵان ببووژێنێتەوە و ھەر گوڵان بگەشێنێتەوە و ھەر دڵی کوردان خۆش بکا.


پەیکەرەی مامۆستا ھێمن لە سەرای ھێمن، وێنەگەر: کاروان دوورئەندیش

پەیکەرەی مامۆستا ھێمن کاری ھونەرمەندی ناسراوی پەیکەرسازی کورد، مامۆستا ھادی زیائەددینی لە ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ١٣٩٢ لە سەرای ھێمن پەردەی لادرا.

بەرھەمەکان[ ]


دیوانی ھێمن بە ناوی ناڵەی جودایی (١٩٧٩).

ئاسەوارەکانی مامۆستا ھێمن بریتین لە:

دیوانی ھێمن

بارگەی یاران

تاریک و ڕوون (شیعر و پەخشان). ١٩٧٤

پاشەرۆک (شیعر و پەخشان).

توحفەی موزەففەرییە (فۆلکلۆری کوردی، کە کاری ئۆسکارمانە وھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی).

شازادە و گەدا.

قەڵای دمدم.

ھەواری خاڵی.

چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز.

ئەفسانە کوردییەکان (کاری قەنات کۆردۆ کە ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی).

ناڵەی جودایی، شیعر ١٩٧٩

پاشەرۆکی مامۆستا ھێمن، کۆمەڵە وتار، مەھاباد ١٩٨٣

نموونەی شیعری[ ]

بەھۆی تاڵی و مەینەتی ژیانییەوە پڕ بە دڵی خۆی دەناڵێنێ و بە ئاوازێکی بە سۆزەوە دەڵێت:

پارچە گۆشتێکە، دڵی من ڕوو نییە

ناڵە ناڵی من درەنگە زوو نییە

لە شیعرێکی دیکەدا دەڵێ:

شینم زۆر گێڕاوە، شادیم کەم دیوە

ئەڵێن ھەیە، بەلام نەمدیوە


شاعیر، شینی یەکجار زۆر دیوە، بەڵام شادی و کامەرانی بە دەگمەنیش نەدیوە و دەزانێ شادی ھەیە، زۆر کەس لە گەڵیا ڕاز و نیاز دەکەن، بەڵام ھێمنی خەمبار ھەر نەیدیوە، لە لای ھەر وەکوو نامۆیەکە، وەکوو دوژمنێکە، بۆ ماوەیەکی کەمیش ڕوو لەو ناکات. مامۆستای بەڕێزمان شێعرە تەڕ وناسکە جوانەکانی، زۆربەی زۆری بە خەم زاخاوە، خەم کاری زۆری تێکردووە، بۆیە بە ھیچ جۆرێ ناتوانێ خۆی لە شەپۆل لابدات. ھێمن شاعێری گەل، شاعێری عیشق و ئازادی، دڵە گەورەکەی ھەتا ئەو ڕۆژەی لە لێدان کەوت، بۆ گەلەکەی و ئازادی نیشتمان لێی دا.

بە فەرموودەی خۆی:

ھەتاکوو دوا پشوو ڕێبواری ڕێگەی ئێشق و ئازادیم

ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم، بەرھەمێکی تر

نمونەیەک لە ناڵەی جودای[ ]

ناڵەی جودای
چۆن نەناڵم ئەودڵەی پڕ ھەستی من
چۆک لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من
چۆن نەناڵێم ئەو دڵە ھەنگاوتەیە
بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی ھەیە
چۆن نەسوتێت ئەو دڵەی ھین خەمە
ئەوپەپولەی وەک میوانی شەمە
چۆن نەناڵێم ئەو بزاڤەی بڕبەدڵ
دوور لە گوڵزارەو خەریقی ماتەمە
ژانی ناسورەی جودایم چێشتووە
ھەرچی خۆشم ویستووە جێم ھیشتووە
ھەڵبڕاوام من لە یادی نازەنین
دەرکراوم من لە خاکی دڵنشین

نمونەی ھۆنراوەی نەتەوەیی[ ]

کوردم ئەمن

گەرچی توشی ڕەنجەڕۆی و حەسرەت و دەردم ئەمن

قەت لە دەست ئەم چەرخە سپڵە نابەزم، مەردم ئەمن

ئاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵی نیم

ئاشقی کێو و تەلان و بەندەن و بەردم ئەمن

گەر لە برسان و لەبەر بێ بەرگی ئیمڕۆ ڕەق ھەڵێم

نۆکەری بێگانە ناکەم تا لە سەر ھەردم ئەمن

من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باکم نییە

لەت لەتم کەن، بمکوژن، ھێشتا ئەڵێم کوردم ئەمن

مردن[ ]

ھێمن لەو کەسانە بوو کە تەمەنی مێرمنداڵی و لاوی و پیری خۆی لە سەنگەری فەرھەنگ و ئەدەب و فۆلکلۆر و شۆڕشدا بەخت کرد. پاش دەرچوونی چوار ژمارە لە سروەی ڕەنگینی کوردستان، لە ١٧ی نیسانی ساڵی ١٩٨٦ی زایینی کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی شاری مەھاباد بە خاکیان سپارد.

سەرچاوەکان[ ]

دیوانی ھێمن

سەید عەبدوڵڵا سەمەدی

تاریخ مەھاباد/سەید محەممەد سەمەدی/انتشارات رھرو مھاباد ١٣٧٣

گۆڤاری مەھاباد، ژمارەی ١٥٠ ساڵی سێزدە ١٣٩٢، لاپەڕەی ٦ و ٧

مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٤٢٣ تا ٤٣٥، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.